۱۳۸۹ بهمن ۲۷, چهارشنبه

کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان رێکخراوی ئاڵمان لە ماوەی رۆژەکانی 15ء 16ی ژانویەی ساڵی 2011 سمینارێکی بەربڵاوی بەڕێوەبرد.



ئەم سمینارە کە لە شاری هانۆڤێری ئاڵمان بەڕێوەچوو، ئاوڕێکی لە چالاکیەکانی ئەم دواییانەی کۆمەڵە و سیاسەتەکانی، هەڵبژاردنی کۆمیتەیەکی نوێ بۆ رێکخستنی کاروباری داهاتوو، راگۆڕینەوە لە نێو ئەندامان ء هەڵسووڕاوانی کۆمەڵە لەم وڵاتە و دیاریکردنی ئەرکەکانی داهاتوو دایەوە. سمینار بە هەڵبژاردنی هەیئەتی بەڕێوەبەریی، سەرلەبەیانی رۆژی شەمە کارەکانی خۆی دەسپێکرد. سەرەتای ئەم سمینارە بە دەقەیەک بێدەنگی بۆ رێز گرتن لە یادو بیرەوەریی سەرجەم گیانبەختکردوانی کۆمەڵە و هەموو ئەو کەسانەی کە لە رێگەی ئازادی و عەداڵەتی کۆمەڵایەتی گیانیان بەختکرد، دەستیپێکرد.
 دواتر هەیئەتی بەڕێوەبەری داوای لە هاوڕێ عومەری ئیلخانیزادە سکرتێری گشتی کۆمەڵە کرد راپۆرتی دەوری رابردووی چالاکیەکانی کۆمەڵە پێشکەشی ئامادەبووان بکات.
سکرتێری گشتی کۆمەڵە، سەرەڕای بەخێرهاتنی بەشداربووان، قسەکانی خۆی بە چاوخشاندنێکی گشتی بەسەر رووداوەکانی یەکساڵ و نیوی رابردووی پاش هەڵبژارنەکانی خولی دەیەمی سەرۆک کۆماری لە ئێران دەسپێکرد. هاوڕێ عومەر ئاماژەی بەوەدا کە رێفۆرمخوازانی ناو دەسەڵات لە ماوەی یەکساڵ و نیوی رابردوو بە هۆی ئەوەیکە لە یاسای بنەڕەتی و بنەما فکریەکان و حکوومەتی کۆماری ئیسلامی تێنەپەڕیوە و هەموو هەوڵیان رێککەوتن لەگەڵ باڵی پاوانخواز، بە گوشار لە خوارەوە بووە. بەڵام نەتەنیا نەیانتوانی لە بارودۆخی رێبەریی بزوتنەوەی دیموکراسیخوازانەی خەڵکی ئێراندا جێگەی خۆیان بکەنەوە، بەڵکوو لە بەرانبەر یاسای دواکەوتووانەو چەوسێنەرانەی دەسەڵاتی زاڵ، بەردەوام لە حاڵی پاشەکشێدا بووە و بەم جۆرە خۆیان پێ لاواز کردووەو ئێستاش لەسەر ئەو باوەڕەن کە لەم قۆناغەدا شکستیان خواردووە. بەڵام بزوتنەوەی ناڕەزایەتی لە یەکساڵ و نیوی رابردوو، بوەتە هۆکاری وەخەبەهاتن و وشیاری بەربڵاوی سیاسی خەڵکی ئێرانء پەرەسەندنی داخوازیگەلی نوێ لە خەباتی جەماوەری خەڵکی ئێران. ئەم بزوتنەوە گەورە ئازادیخوازە، کەشء هەوای سیاسی کۆمەڵگای ئێرانی تووشی ئاڵءگۆڕێکی قووڵ کردووە. لە درێژەی ئەم باسەدا بە روونی تەئکید لەسەر ئەوە کرایەوە کە ئێمە نە تەنیا لە بزوتنەوەی دیموکراسیخوازانەی خەڵکی ئێران پشتیوانی دەکەین، بەڵکوو خۆمان بە بەشێکی جیانەکراوەی ئەم بزوتنەوە دەزانین، بەڵام سنوورێکی روونمان لەگەڵ رێفۆرمخوازانی نێو دەسەڵات هەیە و لەسەر ئەو بڕواین کە حکوومەتی داهاتووی ئێران، کۆماری ئیسلامیەکی یەکدەست قبووڵ ناکات.
هەروەها تەئکید لەسەر مەسەلەی ئێعدامی سیاسی لە ئێران و بە تایبەت کورستان و لە بەرانبەریشدا دژکردەوەی خەڵک لە زۆربەی شوێنەکانی جیهان کردوو و ئاماژەی بەوەدا کە پشتیوانی خەڵکی لە هەڵوەشاندنەوەی حوکمی ئێعدامی سیاسی لە ئێران و کوردستان نیشانەی هاودەنگی و هاوچارەنووسی بزوتنەوەی خەڵکی کوردستان لەگەڵ سەرجەم خەڵکی ئازایخوازی ئێرانە و ئەم پێوەندیە دەبێ بە شێوەی بەردەوام بەهێز بکرێت. هاوڕێ عومەر ئەوەشی زیاد کرد کە رێبەرانی رێفۆرمخوازان بە پێی پێویست لە بەرانبەر کۆماری ئیسلامی و بنەماکانی ئەم سیستەمەدا هەڵوێستی روونیان نەگرت و ئێستاش هەر بە چاوی ئەمنیەتی دەڕواننە مەسەلەی کوردستان. سکرتێری گشتی کۆمەڵە تەئکیدی لەسەر ئەوەکردەوە کە دیموکراسی لە ئێران خواستێکی حاشاهەڵنەگرو زەرووریە و ئەم داواکاریە دەبێ بەربڵاوترو قووڵتر بێتەوە و تەئکیدی کردەوە کە ئێمە بە هەڵوێست و خەبات و ئیرادەی راپەڕیوی خەڵکی ئێران پشت ئەستوورین و پێمانوایە رژیمی کۆماری ئیسلامی ء دیکتاتۆری ئایینی لە ئێران هیچ داهاتوویەکی نیە و ناتوانێت خۆی لەم قەیرانە قووڵەی ئێستا دەرباز بکات. ناوبراو بە تەئکیدکردنەوە لەسەر پێگە و گرنگی سەرهەڵدانی بزوتنەوە کۆمەڵایەتیەکان، بزوتنەوەی ژنان، کرێکاران، روناکبیران و خوێندەواران، وەخەبەر هاتنی نەتەوەکانی ئێران و بزوتنەوەی بەربڵاوی مەدەنی و دیموکراسیخوازانەی گشتیء ئەو بزوتنەوانەی کە لە ماوەی یەک دەیەی رابردوودا بە بەشداریەکی بەرچاوتر هاتونەتە نێو مەیدانی خەباتء بە شێوەیەکی رێکخراوتر پێداگری لەسەر داخوازیەکانی خۆیان دەکەن، بە دیاردەیەکی گرینگ لە ئاڵءگۆڕی کەشءهەوای سیاسی ئێران هەڵسەنگاندو لەسەر ئەو باوەڕە بوو کە لە دەوری داهاتووی خەباتی خەڵکی ئێران، بزوتنەوەی ژنانء کرێکاران بە تایبەتی دەورو نەخشێکی کاریگەرتر دەگێڕن. هەر بۆیە دەبێ یەکێک لە بنەماکانی سیاسەتی ئێمە پێداگریکردن بێ لەسەر بزوتنەوە کۆمەڵایەتیەکان و دەبێ هەوڵبدەین پێوەندی ئەم بزوتنەوە کۆمەڵایەتی و پێشکەوتووە لەگەڵ بزوتنەوەی ئازادیخوازانەی خەڵکی کوردستان کە بزوتنەوەیەکی دیموکراتیک و سێکۆلارە بەهێزتر بکەین، لەبەر ئەوەی ئەم مەسەلە دەبێتە هۆی بەهێزکردنی بنەماکانی سێکۆلاریسم و دیموکراسی لە ئێران.
سکرتێری گشتی کۆمەڵە بە ئاماژەدان بە باسەکانی دوایین پلینۆمی کۆمەڵە واتە پلینۆمی پێنجەم، کە تێیدا سەرەڕای رەخنەگرتن لە کۆمیتەی ناوەندیی کۆمەڵە سەبارەت بە کەمترخەمی لەمەڕ هەوڵدان بۆ پەرەسەندنی چالاکیەکان و رێکخستنی کۆمیتەکانی دەرەوەی وڵات، جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە رێکخستنی کادر و ئەندامانی کۆمەڵە لە دەرەوەی وڵاتی ئەرکێکی گرینگە و لەو جێگەوە کە ئەم مەسەلەی بە یەکێک لە چالاکیە گرینگەکانی دەوری داهاتووی هەڵسووڕانی کۆمەڵە زانی، وتی کە بەڕێوەچوونی ئەم سمینارە لە ئاڵمان سەرەتایەکە بۆ دەسپێکی دەورێکی نوێ لە چالاکیەکانی کۆمەڵە لە سەرجەم وڵاتانی دەرەوە. ناوبراو لە کۆتاییدا سپاسی هەموو ئەو کەسانەی کرد کە لەم سمینارەدا بەشداریان کردووە و جارێکی دیکە تەئکید لەسەر گرینگی بەهێزکردنی رێکخراوەکانی کۆمەڵە لە دەرەوەی وڵات و پەرەسەندنی ناوەندە جۆراوجۆرەکانی کۆمەڵە کردەوە.
لە درێژەی ئەم راپۆرتەدا بەشداربووانی ئەم سمینارە، سەرەڕای تەئیدکردنی سیاسەتەکانی تا ئێستا کۆمەڵە لەمەڕ بارودۆخی سیاسی ئیستا ئێران، پێداگریان لەسەر رەچاوکردنی دووبارەی ئەم سیاسەتانە لە دەوری داهاتوودا کردەوە. بەشدرابووانی ئەم سمینارە پێداگریان لەسەر ئەوەکرد کە بارودۆخی رەوتێکی سیاسی لەم کاتء ساتەدا لە رێگەی دیسیپلین و هاوئاهەنگی گشتی سەرجەمی تەشکیلاتی کۆمەڵەوە تێدەپەڕێت. لە پەیوەند لەگەڵ ئەم مەسەلە هەندێک کەمترخەمی کۆمیتەی ناوەندی کۆمەڵە سەبارەت بە بەشێک لەو رووداوانەی کە هاتوونەتە ئاراوە، لە لایەن بەشداربووانی سمینارەکە درایە بەر رەخنەو تەئکیدیان لەسەر ئەوە کردەوە کە کۆمەڵە دەبێ لە هەڵسووکەوتکردن لەگەڵ هەر دیاردەیەک کە دێتە پێشەوە بە جۆرێک بێت کە سیمای کۆمەڵەی پێ لاواز نەبێت.
لە رۆژی دووهەمی ئەم سمینارە باسەکان سەبارەت بە چۆنیەتی چالاکی رێکخراوی کۆمەڵە لە ئاڵمان خرایە بە لێکۆڵینەوە. ئەم باسە بە بەشداری ئەندامانی ئەم سمینارە بەهێزتر بوو، وە چۆنیەتی کاری بەڕێوەبەرێتی ئەم ساختارە و ئەرکەکانی داهاتووی ئەم کۆمیتە خرایە بەر باسێکی چڕوپڕ.
لە بەشی کۆتاییدا پاش هەڵبژاردن، کۆمیتەیەکی حەوت کەسی پێکهاتوو لە پێنج ئەندامی سەرەکی و دوو ئەندامی کاتی بەڕێوەچوو. هاوڕێیان عوسمان خەلیلی، خەلیل دەشتی، جەبار محەمەدی، مەهوەش حەمیدیء وریا محەمەدی وەکوو ئەندامانی سەرەکی و شوڕش رەشیدی و عەلی سەردەشت وەکوو ئەندامانی کاتی، بۆ کۆمیتەی ئالمان هەڵبژێردران.
ئەم سمینارە بە پێداگری کردن لەسەر بەشداری زۆربەی کادرو ئەندامانی کۆمەڵە لە دەوری داهاتووی چالاکیەکانی کۆمەڵە لە ناوخۆو دەرەوەی کوردستان، سەر لە ئێوارە رۆژی یەکشەمە کۆتایی بە کارەکانی خۆی هێنا.
کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان
کۆمیتەی ئاڵمان
2011/1/17

هیچ نظری موجود نیست:

ارسال یک نظر