۱۳۸۹ اسفند ۱۶, دوشنبه

شكۆدار بێت 8ی‌ مارس، رۆژی‌ جیهانیی ژن

             راگه‌یاندنی کۆمه‌ڵه‌ به‌ بۆنه‌ی 8ی مارس، رۆژی جیهانیی ژن

8ی‌ مارس یه‌كێك له‌ رۆژه‌ هه‌میشه‌ییه‌كانی‌ مێژووی‌ مرۆڤایه‌تیه‌ كه‌ وه‌ك رۆژی‌ خه‌بات بۆ یه‌كسانی‌، جێگیر بووه‌. خه‌باتی‌ ژنان بۆ رزگاری‌ و یه‌كسانی‌، له‌ چاره‌كه‌ سه‌ده‌ی‌ كۆتایی‌ سه‌ده‌ی‌ نۆزده‌یه‌م و له‌لایه‌ن ژنانی‌ كرێكار له‌ ئه‌مریكا، وه‌ك بزووتنه‌وه‌یه‌كی‌ كۆمه‌ڵایه‌تی‌ و زیندوو هاته‌ مه‌یدان. پاشان شاره‌كانی‌ دیكه‌ی‌ ئه‌مریكا و وڵاتانی‌ ئورووپای‌ گرته‌وه‌ و له‌ ئه‌نجامدا كۆنگره‌ی‌ نێونه‌ته‌وه‌یی‌ سۆسیالیسته‌كان له‌ كۆپنهاگ، له‌سه‌ر پێشنیاری‌ رۆزا لۆكزامبۆرگ، 8ی‌ مارس رۆژی‌ خڵتانی‌ خوێن كردنی‌ ناڕه‌زایی‌ ژنانی‌ كرێكاری‌ له‌ ئه‌مریكا، وه‌ك رۆژی‌ جیهانیی‌ خه‌باتی‌ ژنان بۆ رزگاری‌ به‌ ره‌سمی‌ ناساند. له‌وكاته‌وه‌ هه‌تا ئێستا له‌ هه‌موو وڵاتانی‌ جیهان، 8ی‌ مارس، رۆژی‌ جیهانیی‌ ژن ده‌بێته‌ شانۆی‌ پڕشكۆی‌ ژنان بۆ یه‌كسانیی‌ ته‌واو له‌گه‌ڵ‌ پیاوان و سڕینه‌وه‌ی‌ هه‌ڵاواردنی‌ ره‌گه‌زی‌.

بزووتنه‌وه‌ی‌ ژنان بۆ رزگاری‌ و یه‌كسانی‌، نه‌ك هه‌ر بووه‌ته‌ بزووتنه‌وه‌یه‌كی‌ به‌هێز بۆ نه‌هێشتنی‌ هه‌ڵاواردنی‌ ره‌گه‌زی‌ و خۆی‌ چه‌سپاندووه‌، به‌ڵكوو به‌شێكی‌ گرینگ له‌ خه‌باتی‌ كۆمه‌ڵگه‌كان بۆ دیموكراسی‌ و عه‌داڵه‌تی‌ كۆمه‌ڵایه‌تی‌ له‌خۆ ده‌گرێت. له‌ ئێران بینیومانه‌ و ده‌بینین كه‌ ژنان به‌ چ هه‌ست و شه‌وقێكه‌وه‌ له‌ ناڕه‌زاییه‌ گشتی‌ و جه‌ماوه‌ریه‌كاندا ده‌ور ده‌گێڕن. سه‌ره‌ڕای‌ یاسا دواكه‌وتووه‌كان و باڵاده‌ستیی‌ ئاپارتایدی‌ ره‌گه‌زی‌ له‌ كۆماری‌ ئیسلامیدا، بزووتنه‌وه‌ی‌ ژنانی‌ ئێران هه‌نگاوی‌ زۆر گه‌وره‌ی‌ به‌ره‌و پێش هه‌ڵگرتووه‌. هه‌م به‌ گژ یاسا دژه‌ ژنه‌كانی‌ ده‌سه‌ڵاتی‌ ئیسلامیدا چووه‌ته‌وه‌ و هه‌م پێشه‌نگی‌ ناڕه‌زایی‌ بۆ دیموكراسی‌ و ئازادیه‌.
ئێستا كه‌ شه‌پۆلی‌ دیموكراسیخوازی‌ رۆژهه‌ڵاتی‌ ناوه‌ڕاستی‌ داگرتووه‌، ده‌بینین كه‌ ده‌وری‌ ژنان چه‌نده‌ دیاره‌ و بوونیان له‌ بزووتنه‌وه‌كه‌دا چه‌نده‌ كاریگه‌ره‌. هاوپشتی له‌ناو بزووتنه‌وه‌ی‌ ژناندا، سنووره‌كانی‌ نه‌ته‌وه‌ و وڵاتانی‌ تێپه‌ڕ كردووه‌ و هه‌ڵسووڕاوانی‌ بزووتنه‌وه‌ی‌ رزگاریی‌ ژنان له‌ رۆژهه‌ڵاتی‌ ناوه‌ڕاستدا سه‌رقاڵی‌ كه‌مپینی‌ هاوبه‌ش له‌ دژی‌ یاسا دژه‌ ژنه‌كانن. ئه‌مه‌ گۆڕانكاریه‌كی‌ گه‌وره‌یه‌ له‌م به‌شه‌ی‌ جیهاندا كه‌ یاسا دژه‌ ژنه‌كانی‌ زاڵ‌ و فه‌رهه‌نگی‌ زاڵ‌ بۆ سته‌م كردن له‌ ژنان، زیاتر له‌ هه‌موو جێیه‌كی‌ دیكه‌ی‌ جیهان، خۆی‌ راگرتووه‌ و به‌رده‌وام بووه‌.
له‌ سێ‌ ده‌یه‌ی‌ رابردوودا، كوردستان یه‌كێك له‌ سه‌نگه‌ره‌ گرینگه‌كانی‌ خه‌باتی‌ ژنان له‌ دژی‌ كۆماری‌ ئیسلامی‌ بووه‌ و كۆمه‌ڵه‌ش ئه‌و حیزبه‌ سیاسیه‌یه‌ كه‌ به‌ به‌رینی‌ داكۆكی‌ له‌ به‌شداریی‌ ژنان له‌ خۆڕاگریی‌ جه‌ماوه‌ری‌ و به‌شدارییان له‌ سیاسه‌تدا كردووه‌ و له‌ دژی‌ نه‌ریته‌ نادروسته‌كان وه‌ستاوه‌ته‌وه‌. كۆمه‌ڵه‌ هه‌تا ئێستاش بانگه‌شه‌كاری‌ رزگاری‌ و ئازادی‌ و یه‌كسانی‌ بۆ ژنان بووه‌ و ئه‌م ئه‌ركه‌ گرینگه‌ به‌ به‌شێكی‌ جیانه‌كراوه‌ی‌ خه‌باتی‌ خۆی‌ بۆ وه‌دیهێنانی‌ جیهانێكی‌ ئازاد و عادڵانه‌ ده‌زانێت. ژنانی‌ كوردستان شانبه‌شانی‌ هاوخه‌باته‌كانیان له‌ هه‌موو ئێران و رۆژهه‌ڵاتی‌ ناوه‌ڕاست، به‌ره‌وپیری‌ 8ی‌ مارس ده‌چن و له‌م رۆژه‌دا خواسته‌كانی‌ ژنان بۆ رزگاری‌ و یه‌كسانی‌ و داكۆكی‌ له‌ دیموكراسی‌ و عه‌داڵه‌ت به‌ گوێی‌ هه‌مووان ده‌گه‌یه‌نن. هه‌موو ئازادیخوازان، چالاكانی‌ سیاسی‌ و مه‌ده‌نی‌، هه‌موو خه‌ڵكی‌ كوردستان و ئێران له‌ ژن و پیاو، پێویسته‌ به‌شداری‌ له‌ رێ‌وره‌سم و كۆبوونه‌وه‌كانی‌ 8ی‌ مارس بكه‌ن و پێداگری‌ له‌سه‌ر مافی‌ یه‌كسانی‌ ژن و پیاو له‌ كۆمه‌ڵگه‌ و سیاسه‌ت و بنه‌ماڵه‌دا بكه‌نه‌وه‌. پێویسته‌ یاسا دژه‌ ژنه‌كانی‌ كۆماری‌ ئیسلامی‌ بدرێته‌ به‌ر ره‌خنه‌ و ده‌ستكه‌وته‌كانی‌ هه‌تا ئێستای‌ بزووتنه‌وه‌ی‌ جیهانیی‌ ژنان بكه‌ینه‌ بنه‌مای‌ مافه‌كانی‌ ژنان له‌ ئێران. قبووڵ‌ كردنی‌ هه‌ر چه‌شنه‌ تایبه‌تمه‌ندیه‌كی‌ ئایینی‌ و نه‌ته‌وه‌یی‌ بۆ به‌رته‌سك كردنه‌وه‌ی‌ مافه‌كانی‌ ژنان، ته‌نیا له‌ خزمه‌تی‌ فه‌رهه‌نگی‌ پیاوسالاری‌ ئێستادایه‌ و له‌ دژی‌ بزووتنه‌وه‌ی‌ ژنانه‌ بۆ رزگاری‌ و یه‌كسانی‌ و ده‌بێ‌ به‌ره‌نگاری‌ ببینه‌وه‌.
كۆمه‌ڵه‌ی‌ زه‌حمه‌تكێشانی‌ كوردستان، پیرۆزبایی‌ رۆژی‌ 8ی‌ مارس له‌ هه‌موو ژنانی‌ كوردستان و ئێران ده‌كات و پشتیوانی‌ له‌ خه‌باتی‌ ژنان بۆ رزگاری‌ ده‌كات و خۆی‌ به‌ لایه‌نی‌ بێ‌ ئه‌ملاولای‌ ئه‌م خه‌باته‌ ده‌زانێت.
شكۆدار بێت 8ی‌ مارس، رۆژی‌ جیهانیی‌ ژن
بۆ پێشه‌وه‌ به‌ره‌و رزگاریی‌ ژنان له‌ هه‌ڵاواردنی‌ ره‌گه‌زی‌
مه‌رگ و نه‌مان بۆ یاسا دژه‌ ژنه‌كانی‌ كۆماری‌ ئیسلامی‌
كۆمه‌ڵه‌ی‌ زه‌حمه‌تكێشانی‌ كوردستان
6ی‌ مارسی‌ 2011

هیچ نظری موجود نیست:

ارسال یک نظر