۱۳۸۹ بهمن ۲۷, چهارشنبه

راگەیاندنى کومیتەى ناوەندیى کۆمەڵەى زەحمەتکێشانى کوردستان بە بۆنەی کۆچى دوایى مامۆستا و رابەرى گەورەى کورد، شێخ عیزەدینى حوسێنى


بەرەبەیانى ئەورۆ سەعاتی پێنج دەقیقە بۆ دوو بە کاتى کوردستان لە نەخۆشخانەى ئۆپسالاى سوێد، دڵێکى نەسرەوتووى شەیدای ئازادی بۆ مروڤایەتى و بۆ کوردستان، لە لێدان کەوت. کورد رابەرێکى گەورەى سیاسیی لە دەست دا. بزاڤى رزگاریخوازى کوردستان و رەوتى دێمۆکراسیخواز و یەکسانیخوازی ئێران و ناوچەکە مامۆستا و تێکۆشەرێکى مەزن و بیرمەندێکى پڕ هیوا و هاندەرى تێدا نەما. مەرگى مامۆستا شێخ عیزەدین بۆ گەلى کورد و بۆ مروڤایەتى خەسارێکى زۆر بوو.

شێخ عیزەدین لە ئێران و کوردستان و دنیاى دەرەوەش، ناسراو و کەسایەتیەکى خۆشناو و خۆشەویست بوو. بە درێژایى تەمەنى، خزمەتى بە خەڵکى کوردستان و ئازادیخوازیى کرد. چ ئەو کاتەى 68 ساڵ لەوە پێش بوو بە ئەندامى کۆمەڵەى ژ.ک و، چ لە دەورەى کۆمارى کوردستان و، دواتریش لە بزوتنەوەى گەلانى ئێراندا دژ بە رژێمى پاشایەتى تێکۆشا و بە تایبەتى لە شۆڕشى نوێى کوردستانى ئێراندا دەورى گرینگ و رۆڵى رابەریى هەبوو. بڕگەگه‌لێک لەو مێژووەدا هەن کە شێخ عیزەدین تێیدا دەورى چارەنوسسازى بینیوە و، هەڵوێستى ئەو تین و تەوژمى نوێى وەگەڕ خستووە و بزووتنه‌وه‌که‌ی له‌ به‌لاڕێداچوون پاراستووه‌. دەرس و بیرى ئەو لە حوجرەکانى کوردستان جیلێکى نوێى لە مامۆستایانى ئایینى پەروەردە کرد کە پەرەپێدەرى چەشنێک لە رینیسانسى مەزهەبى بوو. لە حالێکدا شەپۆلى کۆنەپارێزى نارەوایانە بەرەورووى دەبووەوە و هێرشى ناجوامێرانەى دەکرایە سەر و لە لایەن دەسەڵاتیشەوە گوشارى لە سەر بوو، بەڵام شلوێ نەدەبوو، بە نەرم و نیانى و ئیستیدلال و، به‌ بێ غەرەزى شەخسى بەرەوروویان دەبوەوە و قەت بزە ئارامبەخشەکەى سەرلێو و سیمای میهرەبان و رووى گەشى نەدەشێوا.
مامۆستا شێخ عیزەدین دوای شەڕى بەرگریى سێ مانگەى یەکەم، بەرپرسى هەیئەتى نوێنەرایەتى کورد بوو بۆ وتووێژ لەگەڵ دەوڵەتى جمهورى ئیسلامى و، بەرپرسى هەیئەتى مامۆستایانى ئایینى کوردستان بوو لە دیدار لەگەڵ خومەینى. دۆستى هەموو بەرێوەبەرانی حیزبە سیاسیەکانى کوردستان و پاڵپشتمان بوو. لەگەڵ هەموو تێکۆشەرێکى کوردستان دۆست بوو و تا ئاخر ساتەکانى ژیانى، هەموومان راوێژمان پێدەکرد.  چ دڵسۆز و خەمخۆرانە بە راشکاویى را و نەزەر و رێنوێنیەکانى خۆى دەردەبڕى و گوێى بۆ هەموان دەگرت.
لە سەرەتاى راپەڕینى گەلانى ئێران و ئەو کاتانەى ئیسلامى سیاسى توندڕەو لە کوردستان، بە لایەنگریى لە خومەینى و پاڵپشتیى حکومەتى ئیسلامى تازە پێگەیشتوو، دەیهەویست ئاژاوە و دووبەرەکایەتى بخاتە ناو بزوتنەوەى کوردستان، کێ هەیە نەزانێ شێخ عیزەدین بە هەموو کوردستاندا جەولەى کرد، رۆژانە ماڵى پڕ بوو و دەیان دیدارى هەبوو تا بەر بەو دوو بەرەکایەتیە بگرێ. پەیامى زۆر رۆشنى ئەوە بوو کە: رزگاریى نەتەوەیى لە سەرۆ هەموو بیر و باوەرێکەوە دەبێ ببێ و یەکگرتوویى تەنیا چارەى دەردە. لە بیرمان نەچوەتەوە کاتێک لە خۆپیشاندانێکى خەڵکى سابڵاغ، سەفى مەزهەبى و چەپەکان کەوتنە دروشمدان و ئاڵا راوەشاندن بەرانبەر بە یەک، مامۆستا چ ئازایانە و خۆ نەویستانە چووە نێوانیان و ئاڵاى سوور و سەوزى لێوەرگرتن و ماچى کردن و لە ملى ئالاندن و قسەى بۆ کردن کە هەرتک لا مافتان هەیە ببن و دروشم بدەن و، یەکیخستنەوە. ئەوە نمونەیەکە کە نوێنەرەوەى دەورى شێخ عیزەدینە لە شۆڕشى کوردستاندا و بوو بە مایەى یەکگرتوویى و هه‌ر بۆیه‌ش بوو که‌ له‌ سه‌فه‌ری ئه‌و سه‌رده‌مه‌یدا بۆ شاری سنه‌ پێشوازییه‌کی وه‌ها به‌رینی لێکرا. بە راستیش ئەم دەورە هەر لە خۆى دەوەشاوە و بۆیەش بوو بە رابەرى جێگاى متمانە و کەسایەتى هەرە دیارى ئەو سەردەمە و بوو بە چقڵى چاوى دوژمنانى ئازادى و دێمۆکراسى. ئەو کۆترى ئاشتى و تەبایى بوو لە بزوتنەوەى کوردستاندا
مامۆستا تا ناوچەى رزگارکراوى کوردستان مابوو، لە شاخ و لەگەڵ پێشمەرگە ژیا. هاندەرى رۆڵەکانى خۆى بوو ببنە پێشمەرگە و سەروماڵیى هەمویان تێکەڵاوى شۆڕش بوون. کاتێکیش ئەو دەرفەتەى نەما، چووە هەندەران و تا ئاخر رۆژەکانى عومرى بۆ خزمەت بە ئازادیخوازیى، دێمۆکراسی، مرۆفایەتى و خەڵکى کوردستان تێکۆشا و، لەم دەورەشدا سەرەرای تەمەنى زۆرى، یەکێک لە چالاکترین رابەرانى بزوتنەوەى کوردستان بوو کە بە هەڵوێستە دیار و شەفافەکانى دەناسرێتەوە. ئەو قەت لە کوردستان و تێکۆشەرانى رزگاریى و یەکسانى ئینسان دانەبڕا و، بە دایم پێوەندیى هەبوو. هیچ گوشارێکى ژیانى خۆى یان گوشارى دەرەکى نەیتوانى، ناهومێدى بکات و بەر بە چالاکیى بگرێ. بۆخۆى وەک ئینسان، ئازا و گەورە بوو، لە رەفتاریشدا سادە و بێ ئالایش، لەگەل هاوبیر و موخالیف، لەگەل پیر و لاو، لەگەڵ رووناکبیر، هونەرمەند و توێژى ترى کۆمەڵگاش، دەیتوانى دیالۆگ بکا و شتى هاوبەش ببینێتەوە و پێوەندى پتەوتر بکات.
مامۆستا خەباتکارى شێلگیرى مافى مروڤ، خوازیارى جیایى دین لە دەوڵەت، بانگەوازدەر و بڕوامەند بوو بۆ مافى یەکسانى ژن و پیاو و لایەنگرى عەداڵەتى کۆمەڵایەتى و پاڵپشتى هێز و بزاوتى دیمۆکراسیخواز بوو. لایەنگرى چەوساوەکان بوو و ئاسایش و ژیانى باشتر بۆ ئینسانەکانى کردبووە ئامانجێکى گرینگى  خۆى. ئەو نەک هەر لە کوردستانى ئێران، بەڵکوو یارمەتیدەرى بزوتنەوەى هەموو پارچەکانى دیکەى کوردستانیش بوو و، لە لایەن هەموانەوە رێزى لێدەگیرا. هەموو پێشکەوتووخواز و دێمۆکراسیخوازانى ئێرانى رێزێکى تایبەتییان بۆى هەبوو و بە بایەخەوە سەیرى بۆچوونەکانیان دەکرد.
مامۆستا سەرەرای جیاوازیى بیر و باوەڕ، دۆستایەتى تایبەتى لەگەڵ کۆمەڵە  و تێکۆشەرانى هەبوو، لە هەموو رۆژە سەختەکاندا پاڵپشت و هاندەر و دڵسۆزمان بوو. حەقى تایبەتى بە سەر کۆمەڵە و بزاوتى یەکسانیخواز و پێشکەوتنخوازى کوردستانەوە هەیە و تا ژیا لە رێنوێنى و دۆستایەتیمان درێغى نەکرد. ئەو بۆ ئێمە نەک هەر رابەرێکى لێهاتوى کورد بوو، بەڵکوو قسە و نەزەرى لە ریزەکانماندا بە خۆشەویستى وەردەگیرا و لێى ورد دەبووینەوە و تەئسیرى هەبوو.
بە پێویستى دەزانین لە لایەن خۆمان و هەموو ریزەکانى کۆمەڵەوە، سەرەخۆشى خۆمان بە هەموو گەلى کورد، بە ئازادیخوازانى هەموو ئێران، هۆگرانى دێمۆکراسى، تێکۆشەرانى رێگاى رزگاریى کوردستان و هەموو بنەماڵەى سەربەرز و تێکۆشەرى مامۆستا شێخ عیزەدین حوسێنى  پێشکەش بکەین. مامۆستا و بیر و بڕواى ئەو، سەرمایەیەکى گەورە بوو بۆ هەموو خەڵکى کوردستان. یادى هەمیشە بەرز و بەرێزە و رێبازى وننەبوو و مایەى سەربەرزییە.  مامۆستا لەو ئینسانانەیە کە مەرگیشیان جیاواز و خوڵقێنەرى ژیانە.
بەرز و بەرێز بێ یادى مامۆستا شێخ عیزەدینى هەمیشە زیندوو
کومیتەى ناوەندیى کۆمەڵەى زەحمەتکێشانى کوردستان
22 رێبەندانى 1389 هەتاوى یان 11 فوریەى 2011

هیچ نظری موجود نیست:

ارسال یک نظر