۱۳۹۰ فروردین ۲۲, دوشنبه

راگه‌یاندنی‌ كومیته‌ی‌ ناوه‌ندیی‌ كۆمه‌ڵه‌ به‌ بۆنه‌ی‌ مه‌رگی‌ دایه‌ ره‌عنا كه‌ریمی‌

به‌ داخ و په‌ژاره‌یه‌كی‌ زۆره‌وه‌ دوانیوه‌رۆی‌ئه‌ورۆ، 19 خاكه‌لێوه‌، دایكێك كه‌ هێمای‌ سه‌ربه‌رزی‌ بوو، دایكی‌ سێ‌ شه‌هیدی‌ سه‌ربه‌رز، دایكی‌ كاك حه‌مه‌حسێنی‌ كه‌ریمی‌، ره‌ئوف و ره‌سوڵ كه‌ریمی‌، دڵی‌ له‌ لێدان كه‌وت. دایه‌ ره‌عنا ساڵی‌ 1303 كۆچیی‌ هه‌تاویی‌، له‌ بانه‌ له‌ دایك بوو. ره‌عنا خانمی‌ ئییبراهیمی‌ له‌ بنه‌ماڵه‌یكی‌ زه‌حمه‌تكێشدا چاوی‌ به‌ ژیان پشكوت و زۆریش به‌ ره‌نج و له‌ خۆبردوویی‌ منداڵه‌كانی‌ پێگه‌یاند. ئه‌و كۆڵه‌كه‌ی‌ ماڵ بوو. كاتێكیش رۆَله‌كانی‌ یه‌ك له‌ دوای‌ یه‌ك گیانیان له‌ ده‌ستدا، بوو به‌ كۆڵه‌كه‌ بۆ هاورێیانیان.

هه‌موو ئه‌وانه‌ی‌ هاتوچوێی‌ ماڵی‌ كاك حه‌مه‌حسێنی‌ كه‌ریمیان كردبێ‌، به‌ گه‌وره‌یی‌ ، سه‌میمیه‌ت و له‌ خۆبردویی‌ ئه‌و دایكه‌ دڵسۆزه‌ ئاشنان و هه‌ستیان به‌وه‌ كردووه‌ كه‌ دایكی‌ دووهه‌م و خه‌مخۆری‌ راسته‌قینه‌ی‌ ئه‌وانیشه‌. ده‌زانن كه‌ چه‌نده‌ دڵی‌ به‌و كوره‌ موهه‌ندیسه‌ی‌ خۆشبوو و چه‌نده‌ هیوای‌ هه‌بوو كه‌ ده‌ست به‌ كار بوونی‌ كاك حه‌مه‌حسێن بتوانێ‌ له‌ ژیانی‌ هه‌ژاری‌ رزگاریان بكات، كاتێكیش تێگه‌یشت كه‌ حه‌مه‌حسێن رێبازی‌ رزگاریی‌ گشت به‌شمه‌ینه‌تانی‌ كردۆته‌ ئامانج و رێگایه‌كی‌ پڕ مه‌ترسی‌ گرتۆته‌ به‌ر، چه‌نده‌ به‌ دڵگه‌وره‌یی‌ بوو به‌ یارمه‌تیده‌ری‌ كاك حه‌مه‌حسێن و هاورێیانی‌. دایه‌ ره‌عنا ئه‌گه‌ر بێ‌ حورمه‌تی‌ ده‌سه‌ڵاتدارانی‌ كۆماری‌ ئیسلامی‌ بینی‌ و ئازاریان دا، به‌ڵام جێگای‌ رێزی‌ هه‌موو شاری‌ سه‌قز و هه‌موو خه‌ڵكی‌ كوردستان بوو. ئه‌و له‌و دایكانه‌ بوو كه‌ به‌ راستی‌ بوونه‌ دایكی‌ شۆڕش و دایكی‌ كۆمه‌ڵه‌.
له‌ لایه‌ن خۆمان و هه‌موو هاورێیانی‌ كرمه‌ڵه‌ی‌ زه‌حمه‌تكێشانی‌ كوردستانه‌وه‌، سه‌ره‌خۆشی‌ له‌ هه‌موو تێكۆشه‌رانی‌ كۆمه‌ڵه‌ و به‌ تایبه‌تی‌ سه‌ره‌خۆشی‌ له‌ بنه‌ماڵه‌ی‌ كه‌ریمی‌ و ئیبراهیمی‌ ده‌كه‌ین. هه‌روه‌تر سه‌ره‌خۆشی‌ له‌ خه‌ڵكی‌ كوردستان و به‌ تایبه‌تی‌ خه‌ڵكی‌ سه‌قز و بانه‌ ده‌كه‌ین. یادی‌ دایه‌ ره‌عنا له‌ دڵی‌ هه‌مووماندا ده‌مێنێ‌ و له‌ ناو شۆڕشی‌ كوردستاندا یادی‌ هه‌ر به‌رز و زیندوه‌.
به‌رز و به‌رێز بێ‌ یادی‌ دایه‌ ره‌عنا كه‌ریمی‌
كومیته‌ی‌ ناوه‌ندیی‌ كۆمه‌ڵه‌ی‌ زه‌حمه‌تكێشانی‌ كوردستان
20 خاكه‌لێوه‌ی‌ 1390 هه‌تاویی‌ ، 9 ئاپریلی‌ 2011

هیچ نظری موجود نیست:

ارسال یک نظر