۱۳۹۰ فروردین ۲۲, دوشنبه

پێش به‌ له‌سێداره‌دانی‌ شێركۆ مه‌عارفی‌ بگرین

شێركۆ مه‌عارفی‌، به‌ندكراوی‌ سیاسیی‌ خه‌ڵكی‌ شاری‌ بانه‌ له‌ رێكه‌وتی‌ 9ی‌ خه‌زه‌ڵوه‌ری‌ 1387ی‌ هه‌تاوی‌ ده‌ستبه‌سه‌ر كرا. شێركۆ ئێستا له‌ زیندانی‌ شاری‌ سه‌قز ده‌ستبه‌سه‌ره‌ و به‌پێی‌ هه‌واڵه‌كان پێی‌ راگه‌یه‌نراوه‌ كه‌ سزای‌ سێداره‌كه‌ی‌ له‌ رۆژی‌ 11ی‌ گوڵانی‌ ئه‌مساڵدا جێبه‌جێ‌ ده‌كرێت. ئه‌م زانیاریانه‌ له‌لایه‌ن بنه‌ماڵه‌كه‌ی‌ و له‌ ماڵپه‌ڕی‌ رۆژنامه‌دا بڵاو كراوه‌ته‌وه‌. بنه‌ماڵه‌ی‌ شێركۆ مه‌عارفی‌ داوا له‌ چالاكوانان و رێكخراوه‌كانی‌ مافی‌ مرۆڤ و لایه‌نه‌ سیاسیه‌كان ده‌كه‌ن هه‌موو هه‌وڵی‌ خۆیان بخه‌نه‌ گه‌ڕ و پێش به‌ جێبه‌جێ‌ كردنی‌ حوكمی‌ سته‌مكارانه‌ی‌ سێداره‌ی‌ شێركۆ بگرن . 
شێركۆ به‌ تۆمه‌تی‌ ئه‌ندامیه‌تی‌ كۆمه‌ڵه‌ی‌ زه‌حمه‌تكێشانی‌ كوردستان له‌ زینداندایه‌. هه‌تا ئێستا چه‌ند جار حوكمی‌ سێداره‌كه‌ی‌ راگیراوه‌ و به‌ هیچ جۆرێك، نه‌ك سزای‌ ئیعدام، به‌ڵكوو ته‌نانه‌ت زیندانی‌ كردنه‌كه‌شی‌ رێگه‌پێنه‌دراوه‌. وه‌گه‌ڕ خستنه‌وه‌ی‌ بڕیاری‌ سێداره‌ی‌ شێركۆ ته‌نانه‌ت له‌گه‌ڵ‌ یاسا سه‌ركوتگه‌رانه‌كانی‌ ده‌زگای‌ قه‌زاییش ته‌با نیه‌. وه‌گه‌ڕ خستنه‌وه‌ی‌ سه‌رله‌نوێی‌ دۆسیه‌ی‌ شێركۆ، ته‌نیا له‌ درێژه‌ی‌ سیاسه‌تی‌ جه‌نایه‌تكارانه‌ی‌ ترس و تۆقاندن و كوشتاری‌ ماشێنی‌ سه‌ركوتی‌ كۆماری‌ ئیسلامی‌ به‌ڕێوه‌ ده‌چێت. ئێمه‌ داوا له‌ هه‌موو خه‌ڵكی‌ كوردستان، ئازادیخوازان، چالاكوانانی‌ مه‌ده‌نی‌ و مافه‌كانی‌ مرۆڤ و رێكخراوه‌ مرۆڤدۆسته‌كانی‌ جیهان ده‌كه‌ین به‌ هانای‌ شێركۆ مه‌عارفی‌ و بنه‌ماڵه‌كه‌یه‌وه‌ وه‌رن و پێش به‌ له‌سێداره‌دانی‌ مرۆڤێكی‌ ئازادیخواز و چالاكێكی‌ سیاسیی‌ خه‌ڵكی‌ كوردستان بگرن. داوا له‌ هه‌موو ره‌وته‌ سیاسیه‌كانی‌ ئێران و حیزبه‌ سیاسیه‌كانی‌ كوردستان ده‌كه‌ین چالاكانه‌ به‌شداریی‌ كه‌مپینی‌ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی‌ ئیعدامی‌ شێركۆ بكه‌ن و رێگه‌ نه‌ده‌ن جه‌نایه‌تكارانی‌ ده‌سه‌ڵاتدار، به‌ ناڕه‌وا مافی‌ ژیان له‌ لاوێكی‌ ئازادیخوازی‌ دیكه‌ زه‌وت بكه‌ن .
سه‌ركه‌وتوو بێت كه‌مپینی‌ داكۆكی‌ له‌ مافی‌ ژیان بۆ شێركۆ مه‌عارفی‌
بۆ پێشه‌وه‌ به‌ره‌و چه‌سپاندنی‌ یاسای‌ نه‌هێشتنی‌ ئیعدام
كۆمیته‌ی‌ ناوه‌ندیی‌ كۆمه‌ڵه‌ی‌ زه‌حمه‌تكێشانی‌ كوردستان
5ی‌ خاكه‌لێوه‌ی‌ 1390ی‌ هه‌تاوی‌، 25ی‌ مارس 2011ی‌ زایینی‌

هیچ نظری موجود نیست:

ارسال یک نظر